Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی یەکەم قورئانی پیرۆز


قورئانی پیرۆز /٢



٤ ــ ئەو حوكمانەی كە لە قورئاندا هەیە

ئەو حوكمانەی كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە سێ جۆرن.
یەكەم: ئەو حوكمانەی كە پەیوەندی بە بیرو باوەڕ (عقيدة)ـەوە هەیە بۆ نمونە بیرو باوەڕ بە خودا، فریشتەكان، كتێبە ئاسمانیەكان، پێغەمبەران ڕۆژی دوای . . . هتد
دووەم: ئەو حوكمانەی كە پەیوەندی بە ڕەوشت و ڕەفتارمانەوە هەیە.
سێیەم: ئەو حوكمانەی كە پەیوەندیان بە كردارەوە هەیە، وە ئەمەش دەكرێت بە دوو بەشەوە:
١ــ پەرستنەكان (عیبادات) ئەو كردەوانەی كە پەیوەندی هەیە بە مرۆڤەكان لەگەڵ خودای مەزن وەكو نوێژو ڕۆژو زەكات و حەج و ئەو جۆرە شتانە.
٢ ــ پەیوەندی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتریدا بۆ نمونە وەكو پەیوەندی ژن و ژن خوازی، جیابونەوە، كڕین و فرۆشتن، كوشتن، سنورەكان، سیاسەتی دینی و وە چەندەهای تر. كە لە قورئاندا هەموو قورئان خوێنێك چاوی پێیان دەكەوێت، جا ئەو كەسانەی كە دەڵێن ئیسلام تەنها پەیوەندی مرۆڤەكانە لەگەڵ خودادا ئەگەر بەو مانایە بڵێن كە هەمووی دەچێتە ئەو چوارچێوەوە ئەوە ڕاستەو وایە چو‌نكە هەر كارێك دەكەین دەبێت وەكو پەرستش و عیبادەت سەیر بكرێت، وە ئەگەر مەبەستیان ئەوە بێ كە تەنها پەیوەندی مرۆڤەكانە لەگەڵ خوادا وەك دەڵێن بۆخۆت نوێژو ڕۆژو بگرەو تەواو و عەقت بەسەر ھیچ شتێکی دیکەوە نەبێت!!، ئەوە شتێكە لەگەڵ ئاینی ئیسلام دا نەگونجاوە قورئانەكە شاهیدی حاڵی ئەو ڕاستیەیە ئەگەر بێت و سەیری قورئان بكەین ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەكەوێت ئەو هەموو ئایەتەی كە باسی حوكم و دادگەری و بەڕێوە بردن دەكات دەبێت سەرنجیان بۆ ئەو ئایەتانە چی بێ!! بەڵام زۆر ئاشكرایە تەنها بۆ چەواشەكاریه وەهەر لەبەر ئەوەیە کە جەخت کردنە سەر زانیاری دەربارەی قورئان بەلامانەوە گرنگە.

٥ ــ تایبەتمەندی‌یەکانی قورئانی پیرۆز

١ـــ قورئانی پیرۆز وتەی پەرجوو (معجز)ی خودای پەروەردگارە کە دابەزێندراوەتە سەر دڵی پێغەمبەر (صلّى الله عليه وسلّم)و لەمابەینی دووبەرگ نووسراوەترەو و دەماو دەم (التّواتُر)[1] بەدەستی ئێمە گەیشتووە و خوێندنەوەکەی پەرستشەو، هەموو جنۆکەو ئادەمی‌یەکان ناتوانن هاوشێوەی کورتترین سورەت بێنن.
٢- دەربڕین و مانای لەلایەن خوداوەوەیە، وە فەرموودەكانی پێغەمبەری پێشەوامان (صلّى الله عليه وسلّم) پێیان ناگوترێت قورئان.
٣- هەمووی عەرەبیە وەكو خودای گەورە خۆی دەفەرموێ: ﴿كِتَابٌ فُصِّلَتْ آيَاتُهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لِّقَوْمٍ يَعْلَمُونَ ٣﴾ فُصِّلَت. واتە: كتێبێكە، ئایەت‌و فەرمانەكانی بەش كراوەو جوداكراوەتەوە (ئیمان وكوفر، حەڵاڵ‌و حەرام، چاكەو خراپە . . هتد)، قورئانێكە بە عەرەبیەكی ڕەوان بۆ كەسانێك كە دەیزانن‌و شارەزای‌یان هەیە ( لەزمانەوانی‌و زانستەكان ).
وە هەروەها خودای گەورە لەبەشێک لەئایەتی ( ١٠٣ ) لە سورەتی ( ألنَّحل ) دەفەرمووێ: ﴿ . . . . . وَهَـٰذَا لِسَانٌ عَرَبِيٌّ مُّبِينٌ ١٠٣ ﴾ النَّحل. واتە: ئەم قورئانە بە زمانی عەرەبی پاراو و ڕوون‌و ئاشكرا داڕێژراوە.
٤- بەشێوەیەكی ڕاست و دروست گەشتووە پێمان بێ كەم و كورتی وەك خۆی هەر چۆن لەلایەن خوداوە هاتووە.
٥- پارێزراوە لە ‌هەموو بۆ زیاد كردن و كەم كردنی ( بەپێچەوانەی کتێبەکانی دیکە وەک ئینجیل و تەورات کە گۆڕاون ) وەك خودای گەورە دەفەرمووێ:
﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ ٩﴾ الحِجر. واتە: ئێمە دامانبەزاندوەو وە هەر خۆشمان دەیپارێزین، وە هەر لەسەردەمی پێشەوامان (صلّى الله عليه وسلّم) ئەو هەوڵە دراوە، عیلم‌و تەكنەلۆژیای ئەمڕۆش دەسەوسانە لەو جۆرە هەوڵانە.
٦- خودی قورئان خۆی موعجیزەیە، وە ئەمە تایبەتمەندیەكی قورئانە كە هیچ وتەیەك ناتوانێت هاوشان و هاوشێوەی بێ، وە هێچ كەسێك ناتوانێت نە سورەتێك وە یان زیاتر و كەمتر بهێنێ وەك قورئان. وەك خودای گەورە دەفەرمووێ:
﴿قُل لَّئِنِ اجْتَمَعَتِ الْإِنسُ وَالْجِنُّ عَلَىٰ أَن يَأْتُوا بِمِثْلِ هَـٰذَا الْقُرْآنِ لَا يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيرًا ٨٨﴾ الإِسراء. (ئەی محمد) پێ‌یان بڵێ: ئەگەر هەموو ئادەمیزاد و جنەکان كۆببنەوەو ( هەوڵی بەردەوام بدەن تا ) بۆ ئەوەی وێنەی قورئانێكی وەكو ئەمە دانێن و بیهێننە ( مەیدان ) ناتوانن كاری وا بكەن و ناتوانن لە وێنەی بهێنن، ئەگەر چی هەموو لایەكیان ببنە پشتكیرو یارمەتیدەری یەكتری.
وەهەروەها كەس ناتوانێت حوكمێك بهێنێ وكو حوكمی قورئان وەك لە بەشێک لەئایەتی ( ٥٠ ) لە سورەتی ( المائدە ) دەفەرمووێ: ﴿ . . . . وَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللَّـهِ حُكْمًا لِّقَوْمٍ يُوقِنُونَ ٥٠﴾ المائِدة. واتە: كێ هەیە بەقەدەر خودا حوكمی جوان و چاك و بەجێ بێت، ( بەتایبەت ) لای ئەو كەسانەی كە بەوردیی سەرنج دەدەن و ویژدان و هەستی زیندوویان هەیە.

قورئان په‌یامی‌ جاویدانی‌ خودای‌ مه‌زنە كه‌ بۆ سه‌رلێشێواوان ڕووناكی‌یه‌ ‌و له‌ ژیانی‌ موسڵماناندا بزوێنه‌ری‌ ژین‌و په‌یامی‌ كامه‌رانی‌یه‌. موعجیزه‌یه‌كه‌ كه‌ سنووره‌كانی‌ كات‌و شوێنی‌ بڕیوه‌و خۆرێكه‌ كه‌ پڕشنگی‌ زێڕینی‌ ئه‌و جیهانێ رۆشن ده‌كاته‌وه‌. قورئانی‌ پیرۆز بنه‌مای‌ یاساو هه‌ڵس‌وكه‌وتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌یه‌ له‌ نێوخۆو ده‌وروبه‌ری‌ نزیك‌و دووردا. خودایی بوونی‌ ئه‌م په‌یامه‌ وه‌ها دیارو له‌به‌رچاوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك ساتێكی‌ كه‌م‌و چه‌ند ئایه‌تێكی‌ كه‌می‌ بخوێنێتـه‌وه‌، وه‌ها هه‌ست‌و هۆشی راده‌كێشێ كه‌ دڵی‌ له‌ سینه‌دا ئارام ده‌گرێ‌‌و هه‌ست به‌ ئارامی‌یه‌كی‌ له‌ سنوور تێپه‌ڕیوو ده‌كا.

ئەم قورئانە پیرۆزە، پەروەردگار وەك موعجیزەیەكى گەورە ناردوویەتى بۆ پێغەمبەرمان صلى الله عليه وسلم كە بەچەندین شێوازى جیاجیا تەحەدداى بێباوەڕان دەكات، بۆیە هەر لەسەردەمى پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم و هەتا ئێستاش بێباوەڕان نەیانتوانیوە وێنەى ئەم قورئانە بهێنن، یان وێنەى سورەتێكى قورئان بهێنن، تەنانەت دەستەوستانن لەوەى كە بتوانن وێنەى تەنها یەك ئایەتیش بهێنن لە ئایەتەكانى قورئانى پیرۆز.

خوداى گەورە دەربارەى قورئان دەفەرموێت:
﴿وَإِنَّهُ لَتَنزِيلُ رَبِّ الْعَالَمِينَ ١٩٢ نَزَلَ بِهِ الرُّوحُ الْأَمِينُ ١٩٣ عَلَىٰ قَلْبِكَ لِتَكُونَ مِنَ الْمُنذِرِينَ ١٩٤ بِلِسَانٍ عَرَبِيٍّ مُّبِينٍ ١٩٥ ﴾ الشُّعَراء.
واتە: بێگومان ئەو قورئانە نێردراوى پەروەردگارى جیهانیەكانە، (جبریل)ى دەستپاك و ئەمین هێنایە خوارێ، بۆسەر دڵى تۆ، تا ببێتە یەكێ لە ترسێنەران و خەڵكى پێ بترسێنى، ئەمیش بەزمانێكى عەرەبی ڕوون و ئاشكرا دابەزێنراوە، تا هیچ بڕو بیانوویەكیان نەمێنێ.

٦ ــ ماناى سورەتی مەکی و سورەتی مەدەنی چیە؟

یەك لەو شتانەی كە یارمەتیدەرێكی بەهێزە بۆ تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز بریتی‌یە لە زانینی ‏سورەتەکانی (مەككی) و (مەدەنی)، هەر بۆیەش هاوەڵانی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ) وە كەسانی دوای ئەوان ‏گرنگیان داوە بەم بابەتە، ئەوەتا عبدالله ابن مسعود (رَضِيَ اللهُ عَنْهُ) فەرموویەتی:
«والله لقد علم أصحاب النبي (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ) أني من أعلمهم بكتاب الله، والذي لا إله غيره ما أنزلت سورة من كتاب الله إلّا أنا أعلم أين أنزلت! ولا أنزلت آية من كتاب الله إلّا وأنا أعلم فيم أنزلت! ولو أعلم أحدا أعلم بكتاب الله منّي تبلغه الإبل لركبت إليه». رواهُ البخاري ‏
‏واتە: سوێند بەو خودایەی كە جگە لەو پەرستراوی حەق نیە، هیچ سورەتێك نیە لە قورئان ‏ئیللا من دەزانم لە كوێ‌ دابەزیوە، وە هیچ ئایەتێك نیە لە قورئان ئیللا من دەزانم بۆ چ ‏مەبەستێك دابەزیوە، وە ئەگەر بزانم كەسێك هەیە لەمن شارەزاتر بە قورئان كە بەسواری حوشتر ‏پێ‌ی بگەی ئەوا من دەچووم بۆ لای . . . ئیمامی بوخاري ریوایەتی کردووە.

زانایان چەند بۆچونێكیان هەیە لەسەر پێناسەی (مەككی) و (مەدەنی)، بەڵام لەهەمووی ‏بەهێزتر بریتی‌یە لەمەی باسی دەكەین:
١ ــ سورەت یان ئایەتی (مەككی): بریتی‌یە لەو (سورەت و ئایەت)انەی كە خودای گەورە ناردوویەتیە خوارەوە بۆ سەر پێغەمبەر (‏صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ‏) لە پێش كۆچكردنی پێغەمبەر (‏صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ‏) بۆ(مەدینە)، ‏با هاتنە خوارەوەکەش لەدەرەوەی شاری (مەككە)ش بوو بێت.
٢ ــ سورەت یان ئایەتی (مەدەنی): بریتی‌یە لەو (سورەت و ئایەت)انەی كە خودای گەورە ناردوویەتیە خوارەوە بۆ سەر پێغەمبەر (‏صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ‏) لە پاش كۆچكردن، با هاتنە خوارەوەکەش لە دەرەوەی شاری (مەدینە)ش بوو ‏بێت.

٧ ــ سوودی زانینمان بە سورەتەکانى (مەككی) و (مەدەنی) چیە؟

١ ــ سوود وەرگرتن لێ‌‌ی لەڕاڤەكردنی قورئان، چونكە زانینی شوێنی هاتنە خوارەوەی قورئان (سوورەت ‏یان ئایەت) یارمەتیدەرێكی باشە بۆ تێگەیشتنی قورئان تێگەیشتنێكی ڕاست و دروست، ڕاڤەكاری ‏قورئان دەتوانێت - لەڕوانگەی ئەم زانستە - جیاكردنەوە بكات لەنێوان (ناسخ) و (منسوخ) ‏لەكاتی پێویستیدا بۆی، چونكە ئایەتی دواتر - لە هاتنە خوارەوە - نەسخی ئایەتی پێشتر دەكات بەچەند ‏مەرجێك كە لەجێی خۆی باسكراوە.
٢ ــ سوود بینین لەشێوازو بابەتە جۆراوجۆرەكانی بۆ چۆنێتی بانگەوازكردن بۆ ڕێگای خودا، ‏چونكە هەموو شوێنێك قسەی تایبەتی خۆی هەیە، بەتێڕوانینمان لە شێواز و ناوەڕۆكی (مەككی) ‏و (مەدەنی)، وە بەڕەچاوكردنی حاڵی خەڵكی دەوروپشت ئەوا ڕێبازێكی ڕوونمان بۆ دەردەكەوێت ‏لەچۆنێتی قسەكردن و بانگەواز، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ دەروونی بەرامبەرەكە(2).
٣ ــ بە ئاگابوون لەڕووداوەكانی ژیاننامەی پێغەمبەر (‏‏صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ‏‏) لەڕێگای ئایەتەكانی قورئانەوە.





  1. (التّواتُر): گواستنەوەی باس‌و بابەتێکە لە کۆمەڵێک خەڵکی زۆرەوە بۆ کۆمەڵێک خەڵکی زۆری دیکە بە شێوەیەک کە ئەستەم دەبێ ئەو هەموو خەڵکە زۆرە لەسەر درۆکردن کۆببنەوە.
  2. ‏كەوابوو خوای گەورە بەشەرعی پاكی خۆی بێ‌ پێویستمانی كردووە لەوەی كە ناوەڕۆك و ڕێگای غەیرە شەرعی بەكاربهێنین بۆ ‏قسەكردن لەگەڵ بەرامبەردا، وەكو ئەو نەخۆشیە بڵاوەی كە ئەمڕۆ دەیبینین كە زۆر لە موسڵمانە خوێندەوارەكان كە خۆیان بە ‏‏(ڕۆشنبیر) دەژمێرن پەنا دەبەنە بەر كتێبی (فەلسەفە) یان (منطق) یان (دەروون ناسی ئەوروپی) كە گوایە بۆ ئەوەی فێری بەڵگەو ‏موناقەشەو شێوازی گفتوگۆببن، بەڵام دەبینین لەئەنجامدا زۆر لەوانە دووردەكەونەوە لەقورئان و فەرموودە، وە دووردەكەونەوە ‏لەپەیوەست بوون بەڕەوشتی موسڵمانان، وەئەگەری ئەوەی هەیە كە چەندەها گومان و شوبهەو بۆچوونی هەڵەیان بۆ دروست ‏بێت، ئەمەش تەنها ئاماژەیەكی خێرایە، باسەكە زۆری دەوێ‌.