Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی دووەم حوکمی (إستعاذة) و (بسملة)


پەناگرتن‌و ناوی خوا هێنان (إستعاذة) و (بسملة)

پەناگرتن (إستعاذة) تکایە کلیکم لەسەر بکە

پێویستە لەسەر هەر کەسێک کە دەستی بە قورئان خوێندنەوە کرد، بڵێت: (أَعُوذُ بِاللهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ)، ئەمەش بەبەڵگەی ئەم ئایەتەی خوارەوە:
﴿فَإِذَا قَرَأۡتَ ٱلۡقُرۡءَانَ فَٱسۡتَعِذۡ بِٱللَّهِ مِنَ ٱلشَّيۡطَٰنِ ٱلرَّجِيمِ﴾ (1).
واتە: هەر کاتێک کە قورئانت خوێندو دەورت کردەوە، ئەوە پەنا بگرە بە خودا لە شەیتانی نەفرەت لێکراو.
هەڵبەتە ئەم وتنە بۆ سەرەتای سورەت یاخود بۆ ناوەڕاستی سورەت بەهەمان شێوەیە.
گوتنی (إستعاذة) بەشێوەی (أَعُوذُ بِاللهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ) لەهەموو شێوەکانی دیکە باوترە، بەڵام ئەم شێوانەی خوارەوەش لە پێغەمبەری خۆشەویستمان (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ) بیستراوە:

یەکەمیان/ أَعوذُ بِاللّهِ السَّميعِ العَليمِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ، خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿وَإِمَّا يَنزَغَنَّكَ مِنَ ٱلشَّيۡطَٰنِ نَزۡغٞ فَٱسۡتَعِذۡ بِٱللَّهِۖ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلۡعَلِيمُ﴾(2). واتە: ئەگەر لەلایەن (شەیتان)ـه وە خەتەرەو خەیاڵی نادروست لەدڵ و دەروونتدا دروست بوو، ئەوە تۆ داوای یارمەتی لەخودا بکەو پەنای پێ بگرە، چونکە تەنها ئەوە بیسەرو زانا.
دوومیان/ أَعوذُ بِاللّهِ السَّميعِ العَليمِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ من هَمزِهِ وَنَفخِهِ وَنَفتِهِ. واتە: پەنا دەگرم بە خودای بیسەرو زانا لەشەیتانی نەفرەت لێکراو و لە وەسوەسەو خۆ بەگەورە زانینی و شیعرو هۆنراوەی.

گوتنی (ألإستعاذة) دەبێت بەدوو بەش، (ئاشکرا) یان (شاراوە):

یەکەم / لەم حاڵەتانەی خوارەوە دەنگ بڵند دەکرێ لە گوتنی (ألإستعاذة):
١ـــ لەو کاتەی کە خوێنەر بەدەنگی بەرز دەخوێنێ و کەسانی دی گوێی لێ دەگرن.
٢ـــ ئەگەر خوێند بەنۆرە بوو لە ئەڵقەدا لەگەڵ کۆمەلدا، ئەو کات یەکەم کەس کە دەست دەکات بە خوێندن بە دەنگی بڵند دەیڵێت.
٤ـــ لەکاتی فێرکردن و گوتنەوەی قورئان.

دووەم / لەم حاڵەتانەی خوارەوەشدا (إستعاذة) بەبێ دەنگ دەگوترێ:
١ـــ کەسێک تەنها بۆخۆی قورئان بخوێنێت، خوێندنەکە بەدەنگ بێت یا بێ دەنگ .
٢ـــ لە نوێژ، بەتاک بێت یان بەکۆمەڵ.
٣ـــ لە کۆڕی قورئان خوێندنی بەکۆمەڵ، بەشەرتێک یەکەم خوێنەر نەبێت.

البَسْمَلَة (ناوی خودا هێنان). واتە: گوتنی ( بسم الله الرحمن الرحيم)

تەنها یەک شێوەی هەیە کە: ( بسم الله الرحمن الرحيم)ه، لەسەرەتای هەموو سورەتێک دەخوێندرێ تەنها لە پێش سورەتی (ألتوبة) ناخوێندرێت، بەڵام ئەگەر لە ناوەڕاستی سورەتێکەوە دەستپێکرا، ئەوا دەتوانرێ (بَسْمَلَة) بخوێندرێت یان نەخوێندرێت، بەڵام لەو حاڵەتە دەبێ (ألإستعاذة) بگوترێ هەروەک لەپێشەوە باسمان کرد. وەناکۆکی لەوەدا نیە کە ( بسم الله الرحمن الرحيم) بەشە ئایەتێکە لەسورەتی (ألنمل).
بەڕای پێشەوا شافیعی: (بسم الله الرحمن الرحيم) بە ئایەتێک لەگشت سورەتەکان دادەندرێت تەنها سورەتی (ألتوبة) نەبێت. کەوابوو لەسەر ئەم ڕایە خوێندنی لەنێوان سورەتەکاندا پێویستە (واجب) .

بەڵام بەڕای پێشەوا ئە‌حمەدی کوڕی حەنبەل و عەبدوڵلای کوڕی ئەلموبارەک وفەرموودەناسان و شەیخولئیسلام ئیبنوتەیمییەو ئیبن بازو ئیبن عوسەیمین: (بسم الله الرحمن الرحيم) ئایەتێکی سەربەخۆیەو بۆ پیرۆزی و جیاکردنەوەی سورەتەکانە لەیەکدی، لەسەر ئەم ڕایە خوێندنی چاکە (مُستَحَبّ).

هەروەها ڕای دیکەش هەیە دەڵی کە ئایەتێکە تەنها لەسورەتی (ألفاتحة)، بەڵام بەڕای پێشەوا مالیک و ئەبو حەنیفە: (بسم الله الرحمن الرحيم) ئایەتێک نیە لەقورئانی پیرۆز.

تێبینی/ لەسەرەتای هەندێ ئایەت واباشترە (بسم الله الرحمن الرحيم) نەخوێندرێت، ئەو ئایەتانەش ئەوەن کە پەیوەندی‌یان بە کافرەکانەوە هەیە یان دوعا لێ‌کردنیانە، یاخود ئەو ئایەتانەی باس لە جەهەننەم‌و دووڕووەکان‌و (شیطان)و . . . . هتد دەکات، بۆ نموونە:
﴿ٱلشَّيۡطَٰنُ يَعِدُكُمُ ٱلۡفَقۡرَ وَيَأۡمُرُكُم بِٱلۡفَحۡشَآءِۖ﴾ [3]  ﴿قَالُواْ ٱتَّخَذَ ٱللَّهُ وَلَدٗاۗ سُبۡحَٰنَهُۥۖ﴾ [4]

بەڵام بە پێچەوانەی ئەو حاڵەتانەی سەرەوە ئەگەر ڕاناوی ڕستەکە گەڕایەوە بۆلای خودای گەورە دەبێت بە (بَسْمَلَة) دەستپێبکرێت، وەکو:
﴿ٱللَّهُ لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلۡحَيُّ ٱلۡقَيُّومُۚ﴾ [5]   ﴿وَأَنَّهُۥ خَلَقَ ٱلزَّوۡجَيۡنِ ٱلذَّكَرَ وَٱلۡأُنثَىٰ﴾ [6]

حاڵەتە دروستەکانی خوێندنەوەو گەیاندنی (الإِستِعاذَة) بە (البَسْمَلَة)وە:

بۆ قورئانخوێن دروستە (استعاذة) و (بسملة)و سەرەتای سورەتێک بەیەکەوە کۆبکاتەوە، یان لێکیان جودابکاتەوە، ئەمەش خۆی لە چار شێوە دەبینێتەوە کە ئەمانەی خوارەوەن:

١ـــ جوداکردنەوەی هەرسێکیان (ألإِستِعاذة ــ ألبَسمَلة ــ سورەتەکە) لەیەکدی، واتە بڵێی:
أَعوذُ بِاللّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ ـــ وەستان ـــ ﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ﴾ ـــ وەستان ـــ ﴿وَٱلضُّحَىٰ﴾      سورەتی ألضحى، ئایەتی / ١

٢ـــ جوداکردنەوەی یەکەم (ألإستِعاذة)و لکاندنی دووەم (ألبَسمَلة) بە سورەتەکەوە، واتە بڵێی:
أَعوذُ بِاللّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ ـــ وەستان ـــ ﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ﴾ ﴿وَٱلضُّحَىٰ﴾

٣ـــ لکاندنی یەکەم (ألإستِعاذة) بە دووەمەوە (ألبَسمَلة) و جوداکردنەوەی سێیەم (سورەتەکە)، واتە بڵێی:
أَعوذُ بِاللّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ ﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ﴾ ــــ وەستان ــــ ﴿وَٱلضُّحَىٰ﴾

٤ــ خوێندنەوەی هەرسێکیان بەسەریەکەوە، واتە بڵێی:
أَعوذُ بِاللّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ ﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ﴾ ﴿وَٱلضُّحَىٰ﴾





  1. سورەتی النَّحل، ئایەتی / ٩٨.
  2. سورەتی فُصِّلَت، ئایەتی / ٣٦.
  3. سورەتی البقرة، ئايه‌تی / ٢٦٨.
  4. سورەتی يونس، ئایەتی / ٦٨.
  5. البقرة، ئايەتی / ٢٥٥.
  6. النجم، ئایەتی / ٤٥.